ڕێز لێنان له هونه‌رمه‌ندانى ڕه‌سه‌ن - فه‌رهه‌نگ غه‌فوور
(گوڵێكه ناوى گوڵى سه‌ربه‌ستى، مه‌رده ئه‌و گه‌له‌ى بگاته ده‌ستى) كێ هه‌یه له ئێمه گوێیبیستى مه‌قام و به‌سته‌كانى ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى مامۆستاى نه‌مر (تایه‌ر تۆفیق) نه‌بووبێ كه جوانترین و گه‌وره‌ترین و نازناوى پێبه‌خشرا ئه‌ویش به مامۆستاى گه‌ل ناوزه‌ند كرا، له‌و ماوه‌ى پێشوو چه‌ندین ده‌زگاى ڕ‌ۆشنبیرى و هونه‌رى یاده‌وه‌رى ساڵوه‌گه‌ڕى هونه‌رمه‌ند (تایه‌ر تۆفیق)ى سازكرد، هه‌روه‌ها چه‌ندین سیمینار‌و كۆڕى لێره‌و له‌وێ له‌سه‌ر ئاداكردنى ده‌نگى ناوبراو سازكرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنج و تێڕامانه ! هونه‌رمه‌ندى گه‌ل تایه‌ر تۆفیق زۆر له‌وه زیاتر له‌خۆ هه‌ڵده‌گرێ كه به‌م شێوازه یاد بكرێته‌وه، بۆنمونه یه‌كێك له یاده‌كان كه له هۆڵى [میدیا]ى شارى هه‌ولێر به‌رێوه‌چوو هه‌ندێ له‌و میلۆدیانه‌ى به‌رجه‌سته‌كرا دوور و نزیك په‌یوه‌ندى نه‌بوو به ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى خاڵه تایه‌ر یاخود به هیچ شێوه‌یه‌ك له شێواز‌و ئادا و سنورى ده‌نگى ئه‌و دانه‌بووه،
ڕاسته هه‌ندێ بابه‌تى به‌پێزو یاده‌وه‌رى گرنگ وه‌ك مێژووى سه‌روه‌ریه‌كانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده باسى لێوه‌كرا، به‌ڵام پێویسته به‌شێوه‌یه‌كى زانستى شرۆڤه‌كارى بۆ بكرێت، یه‌كێك له خاسیه‌ته هه‌ره گرنگه‌كانى ئه‌و ده‌نگه ڕه‌سه‌نه ئه‌وه‌یه كه خاڵه تایه‌ر زۆر به‌لێزانى ڕسته و میلۆدیه‌كانى ئاداكردووه و خوێندنه‌وه‌یه‌كى پراكتیكى به فۆرمى (Adleb) كردووه واته كاتێ هه‌ر شێوازێكى ریتمى ئاداكردبێ به‌شێوه‌ى (مه‌قام) له مه‌جلیسه‌كانیدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه بۆ نموونه (چه‌هچه‌هه‌ى بولبول) شاكارێكى گه‌وره‌ى ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌یه، كه توانیویه‌تى له‌نێوان به‌سته و مه‌قام لێزانى و كارامه‌یى خۆى بسه‌لمێنى، ئه‌وه‌ش وایكردووه، كه هه‌میشه خاڵه تاهیر له كۆڕ و مه‌جلیسه‌كانى شه‌وان سه‌رمه‌ستانه له مه‌قامدا بوون و توانستى خۆى به‌لێهاتوویى و كارامه‌یى ئاشكرا بكات، وه‌لێ له‌ڕووى ڕیتمه‌وه زیاتر گه‌شه‌ى به‌ڕووى ئاداكردنه‌وه داوه بۆ ئه‌وه‌ى له‌و نێوه‌نده‌دا پردى په‌رینه‌وه بێت له‌نێوان ڕیتم و ئاواز و تێكستى شاكاره هونه‌ریه‌كانیدا، هه‌میشه ئه‌و ده‌قانه‌ى هه‌ڵیبژاردوون هه‌ڵقوڵاوى ئازاره‌كانى میله‌ته‌كه‌ى بووه، هه‌ر بۆیه‌ش (قه‌لبى من) و (گوڵى سه‌ربه‌ستى) و (هێزى گه‌ل) و هتد.... گه‌واهى جوانیه‌كانى سه‌ربه‌ستى خاڵه تاهیر نیشانده‌دات، هه‌رده‌م ویسته‌كانى ئه‌و له مه‌یدانى كاره هونه‌ریه‌كان تێكه‌ڵ بوونى عه‌شق و ئه‌ڤینى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بووه، هه‌روه‌ك له (شیرین به‌هاره) دا كه‌له مه‌قامى به‌یات ده‌یه‌وێ له ده‌نگى پێنجه‌مه‌وه ڕوحیه‌تى شاكاره‌كه‌مان بۆ بنه‌خشێنێ و له‌وێیوه حه‌سره‌ته‌كانى نیشتمانه‌كه‌ى له‌به‌هاردا هه‌ڵرێژێ، هه‌مووكاتێ خه‌ونه‌كانى خۆى به هونه‌ره‌كه‌یدا ئاوێته كردووه، خاسیه‌تێكى تر‌ى ده‌نگى ئه‌و نه‌مره ئه‌وه‌یه‌كه خۆى له هیچ قوتانجانه‌یه‌كى هونه‌رى ئه‌كادیمى نه‌یخوێندوه ئه‌ماتۆر بووه، وه‌لێ دوونیایه‌ك هه‌ڵبه‌ست و میلۆدى جوانى داهێناوه تا ئه‌مرۆى دوونیاى موزیك شانازى به شاكاره‌كانى ده‌كرێ، بۆ نموونه (مه‌كه‌ن مه‌نعى عاشقان) كه ته‌قسێكى ئه‌دلیبى موزیكیه له‌ڕووى فۆرمه‌وه به‌شێوه‌ى مه‌قام گوتراوه له سكێڵى (به‌یات) هه‌ڵقوڵاوه، به‌ڵام به‌شێوه‌ى ئاداو مامه‌ڵه‌كردنى له‌نێو ده‌نگه‌كان توانیوویه‌تى هه‌م جوانیه‌كانى ریتم له گوێچكه‌دا ده‌ربكه‌وێ هه‌میش به‌لێوه‌شاوه‌یى و زانایى له‌نێو مه‌قامه‌كان به‌ئازادى بسوڕێته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى تاكه ده‌رچوونێكى ناشاز بكه‌وێته به‌ر گوێ، هه‌روه‌ها هه‌میشه ئه‌و تۆنه‌ى كه بۆ چڕینى مه‌قامه‌كان به‌رجه‌سته‌ى كردووه توانیویه‌تى به ئه‌حساسه‌وه گوزارشتى لێ‌بكا، ئه‌گه‌ر چى ده‌نگه‌كان له‌لایه‌ن موزیكژه‌نه‌كانه‌وه دیارى كراوه وه‌لێ هه‌رده‌م وێڵى ده‌رچوونێكى هه‌بووه كه نه‌یویستووه ده‌نگه‌كان سنورداربێ به‌ڵكو زۆر جاران ئه‌و سنوره‌شى به‌زاندووه، ویستویه‌تى به‌ره‌و لوتكه‌ى ده‌نگه تیژه‌كان هه‌ڵكشێ و ئادایان بكات، هه‌ر بۆیه پێویسته ئه‌وه بڵێین كه خاڵه تایه‌رى هونه‌رمه‌ند نه‌ك ته‌نها پێویسته له‌یاده‌كان له‌ڕێزى پێشه‌وه‌ى هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌كان بێت، به‌ڵكو پێویسته قوتابخانه‌یه‌ك به‌نێوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده مه‌زنه بكرێ و تیایدا توێژینه‌وه‌ى زانستى و شیكارى ده‌نگى ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌شێوه‌ى پراكتیكى و تیۆرى به‌رجه‌سته بكرێ .